بوێربە و هاوڕێی بیرکردنەوەکانت بە
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
کاتێك کە تۆ بۆ ماوەیەك بە تەنهایت لە ئۆتۆمبیلەکەتدا، لە بازارێکدا یان لە ژوورێکدایت، هەست دەکەیت کە لە مێشکتدا زۆر شت دەگوزەرێت. ئەمەش وایکردووە کاتێك کە مرۆڤ تانها
دەبێ لەگەڵ خودی خۆی و مێشکیدا، کەسەکان دەکەونە ترسێکەوە. زۆر لێکوڵینەوەش لەو بارەیەوە کراوە و زۆربەی مرۆڤەکان هەست بەناخۆشیەك دەکەن کاتێك کە ئەوان بۆ ماوەی ١٥ خولەکێك لە ژورێکدا بەتەنها هەر خۆیانبن.
بەڵام بۆچی زۆربەمان هەستێکی ناخۆشمان بۆدێت کاتێك کە تەنهاین و هەر خۆمانین؟
کاتێك کە هەر خۆمانین و دەستمان بۆ تەلەفونەکەمان درێژناکەین یان خۆمان بە کارێکەوە خەریك ناکەین بە شتێکی تایبەتەوە، ئەو کاتە مێشکمان دادەگیرسێت و دەیەوێ بەشوێن کێشەکاندا بگەڕێ و چارەسەریانکات یان بەشوێن مانایەکدا دەگەڕێ بۆ تۆ گرنگبێت. کێ دەیەوێت بیر لە گرفتەکانی خۆی بکاتەوە؟ کێ دەیەوێ زۆر بەدوای مانایەکدا بگەڕێ بۆ هەموو شتەکان؟ هەر بۆیە دەگەڕێین و خۆمان چالاك دەکەین بە شتە لاوەکیەکانەوە، هەتا واز لەو بیرکردنەوانە بهێنین.
ئێستا ئێمە لە کاتێکدا دەژین مرۆڤەکان بۆیان بوتە کولتورێك کە کردارێك ئەنجامبدەن پێش ئەوەی بیری لێبکەنەوە، ئەمەش وادەکات کە ئێمە ناتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین ئەگەر کات بەخۆمان نەدەین کە بیریان لێبکەینەوە.
لێکۆڵەرەوانی مێشك پێمان دەڵێن، کە ئەوەش زۆر داهێنەرانە نیە کە هەمیشە کۆمەڵێ ئەرکی گرنگت هەبێ و سەرقاڵی چالاکی بەردەوم بیت. بۆیە دەبێ ئەرکەکانیشمان زیادەڕۆی نەکەن هەتا بتوانین داهێنان بکەین و لە چارەسەریاندا سەرکەوتوبین.
من لێرەدا دوو خاڵ دیاری دەکەم، کە تۆ دەتوانی بۆخۆتی هەڵگری:
١.هیچ مەترسیەك لەوەدا نیە کە تۆ بەتەنها بیت. خێرا دەست بۆ تەلەفونەکەت مەبە کاتێك کە دەزانیت تەنهایت و وا خەریەکە لە خودی خۆت نزیکدەبیتەوەو لەگەڵ بیرکردنەوەکانتایت. بەڵکو بوێربەو مێشکت بکەرەوە. تەلەفون و خۆسەرقاڵکردن ئارامت ناکاتەوە بەڵکو بە پێچەوانەوە.
٢. هەتا دەتوانی با لەکار و ئەرکەکانی ڕۆژانەتدا جیاوازی هەبێ. تەنها ئەرکی سوك و ئاسان هەڵمەبژێرە، وە ئەرکێکیش نا کە هەر کرداری بێت و بواری بیرکردنەوەی تیا نەبی. جیاوازی لە ئەرکەکانتا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی توانای داهێنان و چارەسەرکردنی کێشە، لەشت جوڵەی دەبێ و تەندروستی دەروونیت لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت.
هیوای خۆشیتان بۆ دەخوازم لە ژیان و کارکردنتاندا و بوێربە کە ببیتە هاوڕێی بیرکردنەوەکانت. ئەوە لە تەنهایدایە کە ئێمە داهێنان دەکەین، خۆمان باشتر دەناسین، دەزانین کە بەڕاستی ئێمە چیماندەوێ و لە کوێداین، لە تەنهایدا دەتوانین ئارامیکی دەروونی تەواومان دەست بکەوێ. فێربە کاتی تەنهایی خۆت بەتەنهابە، تەنها خۆت و خودی خۆت.
سەرکەوتوبیت www.warzshidaruni.com
No comments:
Post a Comment